PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی کلتوور و ئەدەب
کلتوور و ئەدەب

١٠یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بە سپۆنسەری میدیایی K24 دەستی پێکرد
٣٠ فیلمی هەڵبژێردراو لە کوردستان و دیاسپۆراوە، لە چالاکییەکی ٦ ڕۆژەدا لە نیویۆرک بەردەستی حەزژێکەرانی سینەما دەبن.

١٠یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بە سپۆنسەری میدیایی K24 دەستی پێکرد

٣٠ فیلمی هەڵبژێردراو لە کوردستان و دیاسپۆراوە، لە چالاکییەکی ٦ ڕۆژەدا لە نیویۆرک بەردەستی حەزژێکەرانی سینەما دەبن.

شارى نیویۆرک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، میوانداری لە ١٠یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک کرد کە بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان٢٤ بەڕێوەدەچێت. لە نێوان ٣٠٠ بەرهەمدا کە لە کوردستان و دیاسپۆراوە هاتبوون، ٣٠ فیلم هەڵبژێردراون و بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ نیشانی بینەران دەدرێن.

خەیال کارتال، دامەزرێنەری فێستیڤاڵەکە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند: "هۆکاری سەرەکی ڕێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ناسنامەی کوردییەوە هەیە. ئێمە لە بێشکەی شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوووین و وەک یەکێک لە دێرینترین گەلانی ئەو جوغرافیایە، کۆمەڵێک چیرۆکی زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی بۆ جیهانی بگێڕینەوە."

لە چالاکییەکەدا جگە لە نمایشکردنی فیلم، هەڵپەڕکێی ڕەسەنی جەماوەری، جلوبەرگی ناوچەیی و مۆسیقای ڕەسەنی کوردییش ئامادەییان هەبوو. پەیمان، بینەرێک کە لە ئوسترالیاوە هاتبوو، گوتی: "لە ئوسترالیاوە هاتومەتە نیویۆرک بۆ پشتگیریکردن لە فیلمە کوردییەکان. بڕوام وایە پشتگیریکردنی سینەمای کوردی ڕێگەیەکی زۆر کاریگەرە بۆ ناساندنی گەلەکەمان و کلتوورەکەمان بە جیهان." تۆمی، هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە بەشدار ببوو، گوتی: "لە کاتی گەشتەکانمدا کوردم ناسیوە و لە وەرزی هاویندا نزیکەی ٣-٤ مانگم لەگەڵیان بەسەر بردووە. زۆر دڵخۆشم بە بوونم لەم شوێنەدا، چونکە گەلی کورد بۆ من زۆر بەنرخە."

مەدیحە ئیشڕاق (ئیبراهیم)، دەرهێنەری کوردی ئێزدی، لە هەڵسەنگاندنێکیدا بۆ کوردستان٢٤ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "بەهۆی بەشداریکردنم لەم فێستیڤاڵەدا، ژمارەیەکی زۆر لە بینەران لە سەرانسەری جیهانەوە دەرفەتی ئەوەیان دەستکەوت فیلمەکەم ببینن." فێستیڤاڵەکە ئامانجی دروستکردنی پردە لە نێوان کلتووری کوردی و جیهانی ڕۆژئاوادا، هەروەها دابینکردنی پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتییە بۆ دەرهێنەران و هونەرمەندان تا مێژوو، ئەزموونە مرۆییەکان و سەختییەکانی گەلی کورد بۆ ڕای گشتی جیهان بگوازنەوە.

سەرچاوە: Kurdistan24

هەواڵی پەیوەندیدار