
رێمان ئەحمەدی تەمەن ١١ ساڵ بوو بە بچووکترین نووسەر لە پێشانگای کتێبی هەولێر
لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، رێمان ئەحمەدی تەمەن ١١ ساڵ بەو کتێبەی بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی، وەک بچووکترین نووسەر سەرنجی هەمووانی راکێشا.
رێمان ئەحمەدی تەمەن ١١ ساڵ کە وەک بچووکترین نووسەر لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر دەرکەوت، ئەو کتێبەی بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی خستە بەردەستی خوێنەران. ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەستی بە نووسین کردووە و بەرهەمەکەی چیرۆکێکی ئەنیمەیشنە بۆ منداڵان، بەڵام گەورەساڵانیش دەتوانن بە چێژەوە بیخوێننەوە.
ئەحمەد کە کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە، گوتی پلانی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ژمارەیەکی زیاتری خوێنەران، بەم نزیکانە کتێبەکەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبییش بڵاوبکاتەوە. ئەو نووسەرە گەنجە باسی ئەو پشتگیرییەی کرد کە لە خێزانەکەی وەریگرتووە و جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتە سەختەکاندا دایکی هانی داوە و باوکیشی لە رێکخستن و ئامادەکارییە تەکنیکییەکاندا یارمەتی داوە.
ئەحمەد کە دڵخۆشی خۆی بەو بایەخپێدان و فرۆشە زۆرەی لە پێشانگاکەدا هەبوو دەربڕی، ئاشکرای کرد کە لە ئێستاوە دەستی بە پڕۆژەی کتێبێکی نوێ کردووە. ئەو پڕۆژەیە تیشک دەخاتە سەر ناسنامە و کەلتووری کوردی و ئامانجی ئەوەیە ببێتە بەرهەمێکی بەهێز و کاریگەر بۆ ئەوەی "جیهان بە باشی لە دۆزی کورد، ناسنامە و خەباتەکەمان تێبگات".
سەرچاوە: Kurdistan24