
ڕووفاتی ١٥٣ قوربانیی ئەنفال ڕادەستی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
ڕووفاتی ١٥٣ قوربانیی ئەنفال کە لە ژن و منداڵ پێکهاتوون، بە ئامادەکاریی دەستەی شەهیدانی عێراق و پزیشکی داد، ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.
دەستەی شەهیدانی عێراق و فەرمانگەی پزیشکی داد ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی ڕووفاتی ١٥٣ قوربانیی ئەنفال بۆ هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پاراستنی بێسەروشوێنکراوان کە سەر بە دەستەی شەهیدانە، بە هاوکاریی بەشەکانی پزیشکی داد کار لەسەر ئامادەکردنی کاروانێکی نوێی ڕووفاتەکان دەکەن.
سەرجەم ئەم قوربانییانە ژن و منداڵن و ڕووفاتەکانیان لەلایەن تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردنەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەی بادیەی سەماوە دۆزراونەتەوە. ئەو ناوچەیە وەک شوێنی نێژرانی قوربانییانی پەلامارەکانی ئەنفالی ڕژێمی پێشوو ناسراوە.
ڕووفاتەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی بنێژرێن و بە ڕێوڕەسمی شایستە بگوازرێنەوە. دوای تەواوبوونی پشکنینە زانستییەکان بۆ دیاریکردنی ناسنامەیان، ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنی کۆتایی خۆیان بنێژرێن. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە مرۆیی و نیشتمانییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی قوربانییانی ئەنفال و بەڵگەدارکردنی تاوانە ئەنجامدراوەکان و ڕێزگرتن لە یادەوەرییان.
سەرچاوە: Kurdistan24