
خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ٢٠٢٦ بەخشرایە ئان کارسۆن
نووسەری کەنەدی ئان کارسۆن، بەهۆی بەرهەمە بوێرەکانی کە دیالۆگێکی مۆدێرن لەگەڵ نەریتی کلاسیکدا دروست دەکەن، خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ٢٠٢٦ی بەدەستهێنا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ئەکادیمیای سوید بەڕێوەچوو، نووسەری کەنەدی ئان کارسۆن وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ٢٠٢٦ ڕاگەیەندرا. خەڵاتەکە بەهۆی "بەرهەمە بوێر و داهێنەرانەکەی کە لە دیالۆگێکی چێژبەخشدا لەگەڵ نەریتی کلاسیک، فۆرمێکی نوێ بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخ دەخوڵقێنن" پێشکەش کرا.
کارسۆن کە لە ساڵی ١٩٥٠ لە تۆرۆنتۆ لەدایکبووە، وەک شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ و ئەکادیمیست ناسراوە. دوای تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆی تۆرۆنتۆ، لە ساڵی ١٩٧٩وە لە زانکۆکانی وەک مەکگیل، میشیگان، نیویۆرک و پرینستۆن وانەی ئەدەبیاتی کلاسیک، ئەدەبیاتی بەراوردکاری و نووسینی داهێنەرانەی وتووەتەوە. لە دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە "Eros the Bittersweet"، "Autobiography of Red"، "Men in the Off Hours" و "The Beauty of the Husband"؛ هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥ بە نیشانی کەنەدا ڕێزی لێ گیراوە.
خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ٢٠٢٥ بەخشرابووە نووسەر و سیناریۆنووسی هەنگاری لاسلۆ کراسناهۆرکای تەمەن ٧٢ ساڵ، بەهۆی بەرهەمە "کاریگەر و خاوەن دیدگاکانی". خەڵاتەکانی نۆبڵ لەسەر بنەمای وەسیەتنامەکەی ئەلفڕێد نۆبڵ و لەلایەن دامەزراوەی نۆبڵەوە کە لە ساڵی ١٩٠٠ دامەزراوە، لە ڕێگەی ئەکادیمیای شاهانەی زانستەکانی سوید، ئەکادیمیای سوید و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە لە پێنج بواردا دەبەخشرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24