
تەکیەی ٤٠٠ ساڵەی شاهـ حەیاس لە کرماشان ناوەندی ڕۆحیی یارسانە
تەکیەی شاهـ حەیاس لە پارێزگای کرماشانی ئێرانی، وەک ناوەندێکی پیرۆزی ٤٠٠ ساڵە خزمەت بە بڕوادارانی یارسان دەکات.
تەکیەی شاهـ حەیاس کە دەکەوێتە گوندی جووناوای سەر بە قەزای سەحنە لە ناوچەی دینوەری پارێزگای کرماشانی ئێرانی، وەک یەکێک لە گرنگترین شوێنە پیرۆزەکانی بڕوای یارسان دادەنرێت. تەکیەکە مەزاری کەسایەتییە پیرۆز و دیارەکانی ئەو ئاینەی تێدایە و سەردانیکەران لە ناوچەیەکی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا هیندستان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
ئاغا عەباس کە دامەزرێنەری تەکیەکەیە، نزیکەی چوار سەدە لەمەوبەر لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی عەشیرەتی نانکەلی لە باشووری کوردستانەوە کۆچیان کرد بۆ دینوەر و ئەم ناوەندەی بڕوایەیان دامەزراند. لە ناو تەکیەکەدا، جگە لە ئاغا عەباس، گۆڕی چەندین کەسایەتیی گرنگی بنەماڵەکەی هەیە؛ لەسەر یەکێک لە کێلی گۆڕەکان ئاماژە بەوە کراوە کە هی کناچێ پەریی کچی ئاغا عەباسە و مێژووی ساڵی ١١٢٥ی کۆچیی خۆریی لەسەر تۆمار کراوە.
لەناو کۆمەڵگەکەدا کانییەک هەیە کە بڕوا وایە ئاوی شیفابەخش بێت، هەروەها لە حەوشەکەییدا دارچنارێکی گەورە بەرز بووەتەوە کە دەوترێت لەلایەن ئاغا عەباسەوە ڕوێندراوە. جەخت لەوە دەکرێتەوە کە تەمەنی دارچنارەکە هاوتابێت لەگەڵ تەمەنی تەکیەکە و لەلایەن سەردانیکەرانەوە بە پیرۆز سەیر دەکرێت. ئەگەرچی شوێنکەوتووانی تەکیەی شاهـ حەیاس زیاتر لە ناوچەکانی دینوەر و کەنگاوەری کرماشان کۆبوونهتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی شارەکانی قەزوین و هەمەدان و تەبرێز لە ئێران، عەشیرەتی نانکەلی لە باشووری کوردستان و چەندین شوێنکەوتوو لە هیندستان دەگرێتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24