
ئۆپەراسیۆن دژ بە FETÖ
لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە FETÖ لە 81 پارێزگادا، بڕیاری دەستبەسەرکردنی 968 کەس دەرچوو.
وەزارەتەکانی ناوخۆ و دادی تورکیا، لە کاتێکدا دەیەمین ساڵیادی 15ی تەممووز نزیک دەبێتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (FETÖ)، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دژ بە 968 گومانلێکراو ئەنجامدا.
ڕاگەیەنرا کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا زۆرترین گومانلێکراو لە ئەنقەرە، ئیزمیر و ئەستەنبوڵ بوون. لە ڕاگەیاندنی هاوبەشی وەزارەتەکاندا ئاماژە بەوە کرا کە ڕووبەڕووبوونەوەیان دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی چەکداری FETÖ/PDY بە هەمان سووربوون و هەستیارییەوە بەردەوامە.
وەزیری داد ئاکن گوورلەک، لە ڕاگەیاندنێکدا کە لە هەژماری میدیا کۆمەڵایەتییەکەی بڵاوی کردەوە، وتی کە ڕووبەڕووبوونەوەیان دژ بە FETÖ/PDY بە هەمان سووربوون و هەستیاریی ڕۆژی یەکەم بەردەوامە.
وەزیر گوورلەک، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان کرد، کە بە سەرکردایەتیی خۆی لەم هەڵمەتە گەورەی پاکسازییەدا، کە دەوڵەت بە هەموو دامەزراوەکانییەوە بەڕێوەی دەبات، هێزی بە سووربوونیان بەخشیوە.
سەرچاوە: Kurdistan24