
یەکێتیی ئەوروپا دووپاتی پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستانی یەکگرتوو کردەوە
یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و دیموکرات لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا.
بەرپرسێکی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لە پشتیوانیی ڕیشەیی و نەگۆڕی خۆیان بۆ هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو کردەوە. ئەو بەرپرسە وتی: "یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو، سەقامگیر و دیموکرات لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا".
بەرپرسەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە خۆ لە هەر هەنگاوێک بەدوور بگیرێت کە ببێتە هۆی دابەشبوونی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جرف سەخەر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تاقمانەی کاری دزینی نەوت دەکەن.
یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە یەکڕیزیی هێز و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان مەرجی سەرەکییە بۆ پاراستنی پێگەی هەرێمەکە و دڵنیابوون لە سەقامگیریی گشتی لە عێراق و ناوچەکەدا.
سەرچاوە: Kurdistan24