
یەکێتیی ئەورووپا لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا ئەرکێکی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری بۆ سوپای لوبنان دادەمەزرێنێت
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا ئەرکێکی نوێ بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای لوبنان دادەمەزرێت.
کایا کالاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە بەیرووت ڕایگەیاند، پلاندانان بۆ ئەرکێکی نوێی یەکێتیی ئەورووپا تەواو بووە کە ڕاهێنان و ڕاوێژ پێشکەش بە سوپای لوبنان دەکات و لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا بە فەرمی دادەمەزرێت.
کالاس ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی ئەرکەکە بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، ئاسایشی ناوخۆ و کۆنتڕۆڵکردنی خاکی وڵاتەکەیە، هەروەها جێگەی هێزەکانی پاراستنی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (ئۆنیفیل) ناگرێتەوە و تەنیا بە ناوچەی باشوورەوە بەستراوە نابیێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕێگەی سندوقی ئاشتیی ئەورووپاوە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە ١٨٢ ملیۆن یۆرۆ هاوکاری پێشکەش بە لوبنان کراوە و پاکێجێکی دیکەش بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بەڕێوەیە.
کالاس جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لوبنان کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا هەبێت و ئەم دۆخەش پێویستی بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا هەیە. جگە لەوەش دیاری کرد کە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان، پێویستە کارەکانی ژێرخانی سەرەکی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە و ڕێگاکان خێرا بكرێن و ئاسایشی ناوچەکە مسۆگەر بكرێت.
سەرچاوە: Rûdaw