
عهباس عێراقچی: هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران کارەساتی ژینگەییان لێکەوتووەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە و ئەتۆمی، ئاکامی ژینگەیی بەرفراوانیان لێکەوتووەتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە تاران بە ناونیشانی "تاوانی بێدەنگی جەنگ: کاولکاریی ژینگە" وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی نەوت، پاڵاوگە، وزە و ئەتۆمیی ئێران، مەترسیی ژینگەیی جددییان دروست کردووە.
عێراقچی ئاماژەی بەوە دا کە چەمکی کاولکاریی ژینگە مانا و مەودایەکی فراوانتری لە تاوانەکانی جەنگ دژی ژینگە هەیە و دەکرێت وەک "کوشتاری سروشت" وەسف بکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە نادۆزرێتەوە ژینگە بێتە ئامرازی گوشاری سیاسی یان بێتە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییە کورتخایەنەکان.
وەزیرەکە گوتیشی هێرشەکان دامەزراوە ئەتۆمییەکانیشی گرتووەتەوە کە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە تاوانن، و ئەم کردارانە بوونەتە هۆی لێکەوتەی ژینگەیی بەرفراوان. ڕاشیگەیاند کە ئێران ئامادەیە بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی لە باری پاراستنی ژینگەوە.
عێراقچی داوای کرد ئەوانەی بەرپرسن لە زیانگەیاندن بە ژینگە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و گوتی: "سروشت دەنگی لە سەر مێزی دانوستاندا نییە." جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاشتی، ئاسایش، ژینگە، تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوا بابەتی لێکجیاواز نین.
سەرچاوە: Rûdaw