
ئەمریکا چاوەڕێیە بەغدا ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە بە ترەمپی داون
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، داوای کرد ئەو بەڵێنانەی لە مانگی تەمموزدا داونی بە تەواوی جێبەجێیان بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتۆن چاوەڕێیە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو بەڵێنانەی لە مانگی تەمموزدا بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای داون، بە تەواوی جێبەجێیان بکات. وەزارەتەکە داوای لە زەیدی کرد پابەند بێت بەو بەڵێنانەی بە ترەمپی داوە سەبارەت بە ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە یان لە ڕێگەی ئەو خاکەوە، هەروەها بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکومەتی تاران لە ڕێگەی هێزە میلیشیاکانەوە سەروەریی عێراق پێشێل دەکات، دەست بەسەر سەرچاوەکانی وڵاتەکەدا دەگرێت و هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەکە دەکات. سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی بنیاتنەری نەبووە و بە بەکارهێنانی میلیشیا ناوخۆییەکان، سامانی خەڵکی عێراقی تاڵان کردووە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە مانگی تەمموزدا بە یاوەری شاندێکی باڵا سەردانی واشنتۆنی کرد و لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە. ترەمپ پێی وابوو کە هێزی سەربازیی ئێران و گوشارەکانی لە ناوچەکەدا لاواز بوون، ئەمەش دەرفەتێکی مێژوویی بۆ عێراق دەڕەخسێنێت تاوەکو بڕیارەکانی بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی وەربگرێت. هەروەها ڕایگەیاند کە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق چیتر وەک هێزی شەڕکەر نابێت، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەی ڕاوێژکاریی سەربازی، هاوکاری و ئامانجە ئەمنییە هاوبەشەکاندا دەمێنێتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24