
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ: ئەمشەو هیچ پلانێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نییە
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند، ئەمشەو هیچ پلانێکی سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بوونی نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ نیاز یان پلانێکیان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ئەمشەودا نییە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگاداری ئەوەن ئێران هەندێک هەنگاوی نائاسایی ناوە و کار بۆ گەیشتن بە چەکی ناوەکی دەکات. وتیشی واشنتۆن بە وردی و سات بە سات چاودێری جوڵەکانی تاران دەکات و لە ڕێگەی دوو ڕاپۆرتی جیاوازی هەواڵگرییەوە زانیاری وردیان لەسەر دۆخی ئێستای ئێران بەدەستهێناوە.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکە و ژمارەی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی زیاد کردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی تاران هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە هەر هەنگاوێکی ئەمریکا یان ئیسرائیل بە توندی وەڵام دەدەنەوە و هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
سەرچاوە: Kurdistan24