
دوای لەسێدارەدانی شکستخواردوو لە تێنێسی، کریستا پایک لە نەخۆشخانە دەرکرا
سەرەڕای ئەوەی دوو ژەم دەرمانی کوشندەی پێدرا، بەڵام کریستا پایکی سزادراو بە لەسێدارەدان لە ژیاندا مایەوە و دوای تەواوبوونی چارەسەرەکەی گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.
لە ویلایەتی تێنێسی ئەمریکا، کریستا پایکی سزادراو بە لەسێدارەدان کە لە ٣٠ی ئەیلولدا سەرەڕای وەرگرتنی دوو ژەم دەرمانی کوشندە لە ژیاندا مابووەوە، لە نەخۆشخانە دەرکرا و دوای تەواوبوونی قۆناغی چارەسەرکردنەکەی، گواسترایەوە بۆ ئەو زیندانەی کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە تێیدا دەستبەسەرە.
پایک لە ساڵی ١٩٩٥ کاتێک تەمەنی ١٨ ساڵ بوو، بە تاوانی کوشتنی هاوپۆلەکەی بە ناوی کۆلین سلێمەر تاوانبار کرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. لە ٣٠ی ئەیلولدا دوای ئەوەی دوو ژەم دەرمانی بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی پێدرا، دڵی نەوەستا و بۆ ناوەندێکی تەندروستی لە دەرەوەی زیندان گواسترایەوە.
بەرپرسان ڕایانگەیاند کە پرۆسەی چاکبوونەوەی پایک بە وردی چاودێری دەکرێت و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە درێژخایەنە ئەگەرییەکانی لەسەر مێشکی، ڕەنگە چەند مانگێکی پێ بچێت. بیل لی، حاکمی ویلایەتی تێنێسی فەرمانی داوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا، سەرجەم ئەو سزایانەی لەسێدارەدان کە بڕیار بوو لەمساڵدا لە ویلایەتەکە جێبەجێ بکرێن، ڕاگرتووە.
سەرچاوە: Rûdaw