
تەندروستیی کریستا پایک، سزادراوێکی لەسێدارەدان لە تێنسی کە دوو ژەمە دەرمانی کوژندەی پێدراوە، لەبارێکی خراپدایە
ڕاگەیەندراوە کە کریستا پایک دوای ئەوەی دوو ژەمە دەرمانی کوژندەی دەرزی لێدرا و لەسێدارەدانەکەی تەواو نەکرا، بارودۆخی تەندروستیی زۆر خراپە.
لە ویلایەتی تێنسی، سەرباری ئەوەی دوو ژەمە دەرمانی کوژندە درا بە کریستا پایک کە سزادراوی لەسێدارەدانە، لەسێدارەدانەکەی سەرکەوتوو نەبوو و ڕاگەیەندرا کە بارودۆخی تەندروستیی لەبارێکی زۆر خراپدایە.
ڕاندی سپیڤی، پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوە دا کە تیمی جێبەجێکردنی سزاکە نزیکەی کاتژمێرێک هەوڵیان داوە بۆ دۆزینەوەی دەمار و لانیکەم حەوت دەرزییان لە قۆڵی چەپیدا بەکارهێناوە، هەروەها ڕوونی کردەوە کە یەکێک لە دەرزییەکان دوای هەوڵێکی نامۆفەق، لە کاتی دەرهێنانی لە قۆڵیدا بە چەماوەیی دەردەکەوت. دوای ژەمی دووەمیش، دەرکەوت کە پایک هێشتا هەناسە دەدات.
سپیڤی جەختی کردەوە کە پێویستە بیل لی، پارێزگاری تێنسی سزاکەی پایک سووک بکات، لە هەمان کاتدا ستیفن فێرێل، پارێزەرەکەی دیکەی ڕایگەیاند کە هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی یاسایی دیکە دەکرێت و دەیانەوێت پایک لە پڕۆسەی چاکبوونەوەیدا مافی بڕیاردانی هەبێت.
پایک لە ساڵی ١٩٩٥دا لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە تاوانی کشتنی کۆلین سلیمەری هاوپۆلی تاوانبارکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. دوای ئەوەی ناکامبوونی لەسێدارەدانەکە، ڕەوانەی ناوەندێکی تەندروستیی دەرەوەی بەندیخانەکە کرا؛ بە بڕیاری پارێزگاریش، لەسێدارەدانەکانی دیکەی پلاندانراو لە ویلایەتەکەدا تا کاتی پێداچوونەوە ڕاگرتراون.
سەرچاوە: ڕووداو