
هەڵبژاردنە نێوەندییەکانی ئەمریکا دەستی پێکرد: چارەنووسی ترەمپ و هاوسەنگییەکانی کۆنگرێس دیاری دەکرێن
دەنگدان لە هەڵبژاردنە نێوەندییەکانی ئەمریکا دەستی پێکرد؛ ئەنجامەکان چارەنووسی ئیدارەی ترەمپ و هاوسەنگییەکانی کۆنگرێس دیاری دەکەن.
کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانی بە کاتی واشنتۆن سندووقەکانی دەنگدان کرانەوە و پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنە نێوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی پێکرد. ئەم هەڵبژاردنانە هاوسەنگییەکانی کۆنگرێس و داهاتووی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دیاری دەکەن.
گرنگترین بەشی هەڵبژاردنەکان، کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرینەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران. ئەگەر کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنەکە لەدەست بدەن، دیموکراتەکان دەتوانن زۆرینە بەدەست بهێنن و بەرنامە یاساییەکانی ترەمپ ڕابگرن و لێکۆڵینەوەی فەرمی لەسەر کۆشکی سپی دەست پێ بکەن.
هەڵاوسانی بەرز، گرانیی ژیان، باجی قورسی سەر هاوردەکان و گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، وەک ئەو هۆکارانە دەردەکەون کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری دەنگدەران هەیە. ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن کە پشتیوانیی جەماوەری بۆ ترەمپ بۆ ئاستی ٣٠٪ دابەزیوە. ڕاگەیەندراوە کە ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی پێش ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگیان داوە، لە ٥٧ ملیۆن کەس تێپەڕیوە.
ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە یەکێک لە گرانترین کێبڕکێکان لە مێژووی سیاسیی ئەمریکادا؛ ئەو بڕە پارەیەی بۆ بانگەشە و ڕیکلامی میدیایی خەرج کراوە، لە ١١ ملیار دۆلار تێپەڕیوە. ئیلۆن مەسکی ملیاردێری ئەمریکی، بە مەبەستی سەرکەوتنی کاندیدە کۆمارییەکان، سەدان ملیۆن دۆلاری وەک بەخشین و بودجە تەرخان کردووە.
سەرچاوە: Rûdaw