
قەیرانی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەمریکا بەردەوامە: هەزاران گەشت هەڵوەشێنرانەوە
بەهۆی ئاریشەیەکی تەکنیکی لە سیستەمی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی لە ئەمریکا، هەزاران گەشت دواکەوتوون و هەڵوەشێنراونەتەوە.
کاریگەریی ئاریشە تەکنیکییەکەی سیستەمی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی لە ئەمریکا دوای دوو ڕۆژیش بەردەوامە. ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە ٨،٨٠٠ گەشت دواکەوتن و ٢،٤٠٠ گەشتیش هەڵوەشێنرانەوە.
ڕۆژی شەممەش زیاتر لە ٥،٩٠٠ گەشت هەڵوەشێنرانەوە و زیاتر لە ٧،٠٠٠ گەشتیش دواکەوتن. ئەو ئاریشەیەی ڕۆژی هەینی ڕوویدا، بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
وەزیری گواستنەوە، شان دەفی رایگەیاند کە ئاریشەکە بەهۆی ڕاوتەرێکی کۆمپیوتەرەوە بووە لە شاری ئۆل دۆرادۆ لە ویلایەتی ئارکانساس، کە وەک بەشێک لە پڕۆسەی گۆڕینی کێبڵە مسینەکان بۆ ژێرخانی فایبەر ئۆپتیک خرابووە کار. بەهۆی ئاماژە هەڵەکانەوە کارگەریی کرایە سەر تۆڕەکە و لە کاتژمێر ١٥:٥٤ بە کاتی ناوخۆ هەموو گەشتەکان ڕاگرتران. دەفی گوتیشی ڕەنگە ئاساییبوونەوەی کارەکان تا ڕۆژی دووشەممە بخایەنێت.
سەرۆک دونالد ترەمپ داوای لە کۆنگرێس کرد بودجەی زیاتر تەرخان بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی سیستەمی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی. شارەزایانیش جەخت دەکەنەوە کە ژێرخانی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی لە ئەمریکا کە ساڵانێکی درێژە وەبەرهێنانی پێویستی تێدا نەکراوە، پێویستی بە نوێکردنەوەیەکی گشتگیر هەیە.
سەرچاوە: Kurdistan24