
پارکی دۆستایەتیی زاخۆ و مۆرھێد لە شاری مۆرھێد کرایەوە
شارەوانیی مۆرھێد لە ویلایەتی مینیسۆتا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی خوشکایەتی لەگەڵ شاری زاخۆ، ناوی پارکێکی بۆ پارکی دۆستایەتی گۆڕی.
شارەوانیی مۆرھێد لە ویلایەتی مینیسۆتا، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە پەیوەندییە دۆستانە و کولتوورییەکان لەگەڵ شاری زاخۆ لە ھەرێمی کوردستان، ناوی پارکێکی لەو شارەدا کرد بە پارکی دۆستایەتی (Friendship Park). بەپێی ڕاگەیەندراوی شارەوانییەکە، ئەو شوێنەی پێشتر بە پارکی جۆنسن فارمز ناسرابوو، بە فەرمی ناوی گۆڕدرا بۆ پارکی دۆستایەتی.
مەراسیمێکی فەرمی بۆ دانانی تابلۆی نوێی پارکەکە بە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە و دانیشتووانی شارەکە بەڕێوەچوو. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی خوشکایەتی و ھاوکاری نێوان ھەردوو شار کە لە تەممووزی ٢٠٢٥ واژۆ کرابوو، گیراوەتە بەر.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمایەکی پتەوی دۆستایەتی دامەزراوە و جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژە ھاوبەشەکان و ھاوکارییەکانی نێوان زاخۆ و مۆرھێد لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پەروەردە و کولتووردا بەردەوام دەبن و پەرەیان پێ دەدرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24