
توێژەرێکی کورد لە زانکۆی ڤێرجینیا تێک: ئامانجی ڕووسیا و ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تێکدانی متمانەیە
شوکریە برادۆستی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووسیا و ئێران ناتوانن بە شێوەیەکی تەکنیکی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بکەن و ئامانجی سەرەکییان لاوازکردنی متمانەی خەڵکە بە پرۆسەی هەڵبژاردن.
شوکریە برادۆستی، توێژەری کورد کە لە زانکۆی ڤێرجینیا تێک سەرقاڵی توێژینەوەی دکتۆرایە، بەشداری لە بەرنامەی "ڕێگەی کۆنگرێس"ی دیار کوردە، پەیامنێری ڕووداو لە واشنتن کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی وەک ڕووسیا و ئێران ناتوانن بە شێوەیەکی تەکنیکی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بکەن.
برادۆستی بیرخستەوە کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠١٦دا، هەواڵگریی سەربازیی ڕووسیا چووەتە ناو سیستەمەکانی پارتی دیموکرات و دەستکاریی بەڵگەنامەکانی کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڵگەی سەلمێنراو هەن لەسەر ئەوەی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا هەوڵی دەستوەردانی هاوشێوەی داوە. ئەوەش خرایە ڕوو کە ئامانجی سەرەکیی ئەم وڵاتانە، تێکدانی متمانەی خەڵکی ئەمریکایە بە دامەزراوە دیموکراتییەکان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی سیستەمەکە لە ناوخۆوە تووشی داڕمان بکەن.
ئەو توێژەرە باسی لەوە کرد کە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا بێ کەموکوڕی نییە، بەتایبەت لەو ناوچانەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەریان تێدایە، دەکرێت پێشێلکاریی بچووک ڕووبدات. ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە هەندێک حاڵەت وەک دەنگدانی وەرگێڕەکان لە جیاتی ئەو دەنگدەرانەی زمانی ئینگلیزی نازانن، دەکرێت ببێتە هۆی ساختەکاری، هەروەها پارتەکان "فێڵی یاسایی" بەکاردەهێنن وەک کاندیدکردنی کەسانی سەربەخۆ بە ناوی هاوشێوە بۆ ئەوەی دەنگدەران هەڵبخەڵەتێنن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە میکانیزمی هەڵبژاردن پێکهاتەیەکی ناوەندی نییە و کاندیدەکان لە بنکە جەماوەرییەکانەوە دیاری دەکرێن و ئاراستەی سیاسیی نوێ لە هەردوو پارتە گەورەکەدا سەریانهەڵداوە.
سەرچاوە: Rûdaw