
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکانی گرێ سپی ئیدانە دەکات
ئەمریکا ئەو توندوتیژییەی ئیدانە کرد کە بەرامبەر بەو خێزانە کوردانە کراوە کە گەڕاونەتەوە بۆ گرێ سپی و داوای لە حکومەتی سووریا کردووە لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رووداو لە رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ رایگەیاند، ئاگاداری هەواڵی هێرشکردنە سەر ئەو خێزانە کوردانەن کە گەڕاونەتەوە بۆ گرێ سپی و ئەو توندوتیژییە ئیدانە دەکەن. جەختیش لەوە کرایەوە کە ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی هەمان ئەو توندوتیژییانەدا دەبینرێن کە لە گرێ سپی و سەرانسەری سووریا بەرامبەر بە سڤیلەکان ئەنجام دەدرێن.
گوتەبێژەکە وەبیری هێنایەوە کە پێویستە ئەو سوورییانەی بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون، بە سەلامەتی و بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و لە توندوتیژی و هەڕەشە بەدوور بن. لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژە بەوە کرا کە پێویستە حکومەتی سووریا لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان بکات و سەلامەتی هەموو سوورییەکان، لەنێویاندا ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە، دابین بکات.
ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی لە سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری دەکات کە تێیدا کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە خاوەن مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان، سەلامەتی و دەرفەتی بەشداریکردنی کاریگەر لە بەڕێوەبردن بن. داوا لە حکومەتی سووریا و بەرپرسانی ناوخۆیی کرا کە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، وەڵامی نیگەرانییە رەواکان بدەنەوە و هەنگاوی کردەیی بۆ بنیاتنانەوەی متمانە لەنێوان پێکهاتەکاندا بنێن.
لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دەیان خێزان کە بە مەبەستی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکانی پەیوەست بە زەوی و خانووبەرە گەڕابوونەوە بۆ گرێ سپی، لە کاتی گەیشتنیان بۆ شارەکە رووبەڕووی هێرشی هەندێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بوونەوە. لە هێرشەکاندا ئۆتۆمبێلی خێزانەکانیش زیانیان بەرکەوت.
سەرچاوە: Rûdaw