
ئەمەریکا سێ کەس بە تۆمەتی داڕشتنی پلانی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد لە بەریتانیا دادگایی دەکات
وەزارەتی داد وڵاتانی یەکگرتووی ئەمەریکا سێ کەسی بە "سیخوڕی ئێران" ناوبەرد و تۆمەتباری کردن بە داڕشتنی پلانی هێرشێکی ترۆریستی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد لە بەریتانیا.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی تۆمەتی دایە پاڵ محەمەد باقر سەعد داوود سەعدی (تەمەن ۳۲ ساڵ و هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی-ئێرانی)، محسن مهاجری (تەمەن ۴۸ ساڵ و هاووڵاتیی ئێران) و محەمەد عەلی حەسەنی (تەمەن ۳۵ ساڵ و هاووڵاتیی عێراق)، بەهۆی بەشدارییان لە پلانی هێرشێکی ترۆریستی لە مانگی ئەیلوولدا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی RAF Fairford لە باشووری ڕۆژئاوای بەریتانیا. ئەم سێ تۆمەتبارە وەک "سیخوڕی ئێران" ناسێنراون.
لێکۆڵینەوەکان دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە جووتیارێکی ناوچەکە زانیاری لەبارەی چەند ئۆتۆمبێلێکی گومانباوەوە نزیک بنکەکە ڕادەستی پۆلیس کرد. بەڵگەکان ئاشکرایان کردووە کە محەمەد عەلی حەسەنی ڕاسپێردراوە بۆ بردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ ناو بنکەکە کە بەرمیلە سووتەمەنی و پارچە ئاسنی تێدا بووە بۆ دروستکردنی پارچەی تەقێنەر، و ئەم ئۆتۆمبێلانەش وەک چالاکیی وێستگەی سووتەمەنیی ساختە نیشان دراون. هەروەها بەڵگە کراوە کە سەعدی، کە لە مانگی ئایارەوە لە نیویۆرک بە تۆمەتی ترۆریستی دەستبەسەرە، لە ڕێگەی پەیامی کۆدکراوەوە لە زیندانەوە ڕێنمایی و هەماهەنگیی بۆ دوو تۆمەتبارەکەی دیکە ناردووە.
دوای ئاشکرابوونی پلانی هێرشەکە، ئەمەریکا فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-1ی لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد کشاندەوە و تود بلانش، داواکاری گشتی ڕایگەیاند: "هەر کەسێک پلانی هێرشی ترۆریستی بۆ سەر هەر بنکەیەکی سەربازی دابڕێژێت کە سەربازانی ئەمەریکای تێدا بێت، لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دادگایی دەکرێت." لە تۆمەتنامەکەدا هاتووە کە تۆمەتباران پشتیوانییان لە سوپای پاسدارانی ئێران و کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق کردووە و سەعدی ڕێبەریی زنجیرەیەک هێرشی ترۆریستیی لە ئەورووپا و کانەدا کردووە.
سەرچاوە: Rûdaw