
ئەمریکا پلانی ناردنی یەک ملیار دۆلاری نەختینەی بۆ عێراق دانا
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، یەک ملیار دۆلار پارەی نەختینە لە ماوەی دوو هەفتەدا بە دوو فڕۆکەی بارهەڵگری تایبەت دەگاتە بەغدا.
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی کە بە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە (فیدراڵی) دابین کراوە، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بە دوو قۆناغ دەگاتە بەغدا.
مەحمود داغەر، وتەبێژی بانکەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن پارەکە ئەمڕۆ گەیشتووە، ڕاست نین و یەدەگی نەختینەی ئێستای بانکی ناوەندی بەسە. ئەو یەک ملیار دۆلارەی کە پلانی بۆ دانراوە، لە ماوەی دوو هەفتەدا بە دوو فڕۆکەی بارهەڵگری تایبەت دەگات.
داغەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆلارە تەنها بۆ ئەو هاوڵاتییانەیە کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن تا بتوانن بە نرخی فەرمی دۆلاری نەختینە بەدەست بهێنن، و بۆ مووچەی فەرمانبەران یان پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بەکار نایەت.
سەرچاوە: Kurdistan24