
ئەمەریکا داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق زەیدی دەکات لێپرسینەوە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکات
ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە بەرپرسیارێتیی چالاکییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی جورف ئەلسەخر بخاتە ئەستۆی خۆیان.
ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕووداو هەڵسەنگاندنی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرامبەر ناوچەی جورف ئەلسەخر (جورف ئەلنەسر) کرد و ڕایگەیاند کە واشنتن چاوەڕێی زەیدی دەکات لێپرسینەوە لەو میلیشیایانەی سەر بە ئێران بکات کە دەستیان لە توندوتیژی و چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکاندا هەیە.
ووتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو میلیشیایانە بە شێوەیەکی چالاک سەروەریی عێراق لاواز دەکەن، زیان بە ئابووریی وڵات دەگەیەنن و لە ڕێگەی بەرتیل و گەندەڵییەوە سەرچاوەکانی عێراق بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ڕژێمی تاران بەکاردێنن.
زەیدی تا ڕۆژی هەینی مۆڵەتی داوەتە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق بۆ ئەوەی ناوچەی جورف ئەلسەخر چۆڵ بکەن و ڕێگە بە سوپای عێراق بدن بچێتە ناوچەکەوە؛ ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی حکومەت قاچاغچییەتی و دزینی نەوتی لە ناوچەکەدا ئاشکرا کرد. بەڵام ئەبو تالیب سەعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حزبوڵا لە ١٧ی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند کە لە ناوچەکە ناکشێنەوە، تۆمەتی دزینی نەوتی بە هەڵبەستراو وەستف کرد و تۆمەتەکەی خستە ئهستۆی تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق و سوریا.
دوو سەرچاوەی پلەبەرز لە حکومەتی عێراق ڕایانگەیاند کە ئیسماعیل قاآنی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران شەوی دووشەممە گەیشتووەتە بەغدا و زیاتر لە کاتژمێرێک لەگەڵ زەیدی کۆبووەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw