
ئەمریکا هۆشداری گەشتکردن بۆ عێراق دەدات: حکومەت ناتوانێت کۆنتڕۆڵی توندوتیژی بکات
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەو هۆکارەی کە حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕووداوە توندوتیژییەکان بکات، هۆشداری بە هاووڵاتییانی خۆی داوە کە گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەدا کە ڕۆژی شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق ناتوانێت گەرەنتی کۆنتڕۆڵکردنی ڕووداوە توندوتیژییەکان بدات، بۆیە داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن.
لە هۆشدارییەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە توانای حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و بیانییەکان سنووردارە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشی میلیشیا حوسییەکان بۆ سەر ژێرخانی سعودیە، مەترسیی گواستنەوەی ئەو توندوتیژییانە بۆ ناوچەکانی دیکە زیاد دەکات. ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەگەر ڕووداوی توندوتیژی ڕووبدات، ئەگەری ئەوەی حکومەت نەتوانێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات زۆرە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە عێراق نیشتەجێن ڕووبەڕووی مەترسیی جددی بوونەتەوە، پێویستە کارمەندانی ئەمریکی بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە مۆڵەتی تایبەت وەربگرن و گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دراوە کە لە زۆر ناوچە ئەگەری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هەیە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە ڕایگەیاندووە کە هاووڵاتییانیان لە هەموو بارودۆخێکدا نابێت گەشت بۆ عێراق بکەن و توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەپەلە لەو وڵاتەدا زۆر سنووردارە.
سەرچاوە: Kurdistan24