
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەواڵی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکانی لە کەنداو ڕەتکردەوە
ئەمریکا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە گوایە هەموو باڵیۆزخانەکانی لە وڵاتانی کەنداو چۆڵ دەکات و ڕایگەیاند کە فەرمانەکە تەنها کارمەندانی ناپێویست لە عەرەبستانی سعودی دەگرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو ئیدیعایانەی ڕەتکردەوە کە گوایە واشنتۆن بڕیاری داوە هەموو باڵیۆزخانەکانی لە وڵاتانی کەنداوی فارس چۆڵ بکات. تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتەکە، وەڵامی ئەو هەواڵانەی دایەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە و دەڵێن "باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کەنداو چۆڵ دەکرێن".
پیگۆت لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری Xی خۆی ڕوونیکردەوە، فەرمانی چۆڵکردنەکە تەنها ئەو کارمەندە حکومییانە و خێزانەکانیان دەگرێتەوە کە لە عەرەبستانی سعودی کاردەکەن و مانەوەیان پێویست نیست.
وتەبێژەکە ئاماژەی بە هۆکارە ئەمنییەکانی پشتی ئەم بڕیارە کرد و وتی، حوسییەکانی پشتیوانی کراو لەلایەن ئێرانییەوە هێرشەکانیان بۆ سەر عەرەبستانی سعودی زیاتر کردووە و فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ژێرخانی هەستیاریان کردووەتە ئامانج. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوانە بوونەتە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی و دروستبوونی ئاستەنگی جدی لە گەشتە ئاسمانییەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، دوای شەپۆلی دوایینی هێرشەکان بۆ سەر عەرەبستانی سعودی، ڕێنیشاندانی داوە بە بەشێک لە کارمەندە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی وڵاتەکە جێبهێڵن.
سەرچاوە: Kurdistan24