
ئەمریکا سێیەم فڕۆکەهەڵگری خۆی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد
ئەمریکا بە ناردنی کەشتیی "یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت"، ژمارەی فڕۆکەهەڵگرەکانی لە ناوچەکە بۆ سێ دانە بەرزکردەوە و بوونی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت" لە ماوەی یەک ڕۆژدا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەچێتە پاڵ دوو فڕۆکەهەڵگرەکەی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. بەم ناردنە، ژمارەی ئەو فڕۆکەهەڵگرانەی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیری کردوون بۆ سێ دانە بەرز دەبێتەوە.
لە کاتێکدا پێنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی کاتی گەیشتنی کەشتییەکەیان پشتڕاست نەکردەوە، ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ئیسرائیلدا سەبارەت بە "دووبارە جێگیرکردنەوەی خێرای هێزەکان" بڵاوکرابوونەوە، بە "پێشبینی بێ بنەما" ناویان برد.
ئەم جوڵەیە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و بەحرەین. دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئاشتی پەکیکەوت، ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دوو جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بەحرەین. وەزارەتی بەرگریی بەحرەین ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە "هەڕەشە ئاسمانییەکان"ی سەر بە ئێرانیان لە ئاسماندا تێکشکاندووە و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە. وەزارەتی ناوخۆش دوو جار زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنە پەناگەکان. سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە سیستەمی ڕاداری بنکەیەکی ئاسمانی لە بەحرەین کراوەتە ئامانج. ئەم ڕووداوە دوو ڕۆژ دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کە بۆمبڕێژکراو بوون لە ئاسمانی بەحرەین خستە خوارەوە؛ لە بەرامبەردا تاران بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم هێرشانە تۆڵەسەندنەوە بوون بۆ بۆردومانکردنی تاوەرێکی پەیوەندی لە ناو خاکی ئێراندا.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە. قەتەر و پاکستان بە مەبەستی پێشگرتن لە جەنگێکی ئەگەری، دەستیان بە هەوڵی نێوەندگیری کردووە، بەڵام ئەو هەوڵانە تووشی بەربەستی گەورە بوون. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە ڕایانگەیاند کە بڕیاریان داوە لە دانوستانەکانی ئێران بکشێنەوە و ئەمریکا چیتر پێویستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران نییە. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە کە چاوەڕێی وەڵامی هیچ لایەنێک ناکەن، تەنها ئامانجیان پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە و هەر هێرشێکی سەربازی بێ وەڵام نامێنێتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24