
ئەمەریکا سزادانەکانی سەر هەناردەکردنی کەرەستەی بەرگریی بۆ سوریا هەڵگرت
ڕێبازە نوێیەکە کە لەلایەن مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە پەسەند کراوە، سوریا لە لیستی ڕەتکردنەوەی گشتیی مۆڵەتی چەکی بەرگری لادەبات.
لە ١ی تشرینی اولی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە سوریا لە لیستی ئەو وڵاتانە لادراوە کە بڕیاری ڕەتکردنەوەی گشتییان بۆ مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک و کەرەستە و خزمەتگوزارییە بەرگرییەکان لەسەرە.
ئەم بڕیارە پشت بە ڕێبازێکی نوێی بەرگری لەسەر سوریا دەبەستێت کە لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦ لەلایەن مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەسەند کراوە و بە فەرمی خراوەتە ناو ڕێساکانی بازرگانی نێودەوڵەتی چەک (ITAR). لەمەودوا داواکارییەکانی مۆڵەت یەک بە یەک لێکدەکۆڵرێنەوە و بەپێی بارودۆخ پەسەند دەکرێن یاخود ڕەت دەکرێنەوە.
بڕیارەکە هەڵوەشاندنەوەی پێگەی سوریای وەک "وڵاتی پشتیوانیکاری ترۆر" و هەڵگرتنی ئەو سزادانانە دەگرێتەوە کە لەژێر کۆمەڵێک یاسای ئەمەریکی لەسەر سوریا سەپێندرابوون؛ لەوانە یاسای لێپرسینەوە لە سوریا و گەڕاندنەوەی سەروەری لۆبنان، یاسای کۆنترۆڵکردنی چەکی کیمیایی و بیۆلۆجی و ڕێگری لە بەکارهێنانیان لە جەنگدا، و یاسای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مناڵان لە هێزە چەکدارەکاندا.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمەریکا دەبینرێت بۆ سووککردنی سزاکان لەسەر سوریا و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئابووری و بەرگرییەکان دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانونی اولی ٢٠٢٤، و دوای هەنگاوێکی پێشووتر دێت لە ئابی ٢٠٢٦ کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی مابوونەوە لەسەر فرۆشتنی چەک و یارمەتیی دارایی سەربازی.
سەرچاوە: Kurdistan24