
دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئارادایە
ڕۆژنامەی "زە ئیندیپێندێنت" بڵاویکردەوە کە ڕوبیۆ بۆ خۆئامادەکردن بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٨ دەست لە کار دەکێشێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "زە ئیندیپێندێنت"، دەنگۆی ئەوە هەیە کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەوەی وەک کاندیدی کۆمارییەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٨ بکات، دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوای هەڵبژاردنە ناوەندییەکان، ئەم نیازە زیاتر بووە.
سەرچاوەیەکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە ڕوبیۆ دەیەوێت لەو مشتومڕانەی پەیوەستن بە جەنگی ئێرانەوە دوور بکەوێتەوە و بەرپرسیارێتییەکە بخاتە ئەستۆی ترەمپ، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەکەی "بە تەواوی تێگەیشتراوە". سەرچاوەیەکی دیکەی کۆمارییەکان دەڵێت، ناوبراو نایەوێت لە کەشێکی دژە ترەمپدا لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی حکومەتی بەریتانیاش پێشبینی کردووە کە مانەوەی ڕوبیۆ لە پۆستەکەیدا دوای هەڵبژاردنە ناوەندییەکان ئەگەرێکی لاوازە و ئەو دەبێتە کاندیدێکی بەهێزی سەرۆکایەتی. لە بەرامبەردا، دەیڤیس ئینگڵ، وتەبێژی کۆشکی سپی ئەو دەنگۆیانەی بە "تیۆری پیلانگێڕیی بێ بنەما و ناڕاست" ناوبرد و ڕەخنەی لە ڕۆژنامەی "زە ئیندیپێندێنت" گرت.
وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە کە هێشتا هیچ ئاماژەیەکی فەرمییان بۆ دەستلەکارکێشانەوە وەرنەگرتووە، بەڵام ڕەنگە دۆخەکە بەپێی کەشی دوای هەڵبژاردنە ناوەندییەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
سەرچاوە: Rûdaw