
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر "کەشتییە سێبەرەکانی" ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریدا، سزای نوێی بەسەر ئەو کەشتییانەدا سەپاند کە نەوتی ئێران دەگوازنەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ٨ی تشرینی یەکەمدا ئاشکرای کرد کە سزای نوێی بەسەر بەشێکی دیکەی تۆڕی "کەشتییە سێبەرەکان"دا سەپاندووە، کە تاران بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە بەهای ملیاران دۆلار بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بەکاری دەهێنێت. وەزیر سکۆت بێسێنت ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دارایی شەڕی ئێران لە ناوچەکەدا ڕادەگرێت و هەر کەسێکیش یارمەتی فرۆشتنی نەوت بدات، ئاشکرا دەکرێت.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە بەهۆی سەرکەوتنی گەمارۆ سەربازییەکان، کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران لە دەرەوەی هێڵی گەمارۆکان و زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریدا، تاران هیچ بژاردەیەکی ئابووری بۆ نەماوەتەوە. هەروەها ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) ڕێوشوێنی توندی دژی ئەو کەشتییانەی تۆڕی سێبەر گرتەبەر کە بە پێشێلکردنی سزاکان بەردەوامن لە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەشتییانە لە زیاتر لە ١٢ وڵات و ناوچەی جیاواز تۆمارکراون و لەلایەن تۆڕێکی ئاڵۆزی کۆمپانیا ساختەکانەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ ئەوەی پێشێلکارییەکانیان بشارنەوە. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە بە تێکشکاندنی ئەم تۆڕەی گواستنەوەی دەریایی و ئەو کۆمپانیایانەی لە پشتییەوەن، توانای ئێران بۆ تێپەڕاندنی سزاکان، مانەوەی کەرتی پترۆکیمیایی و پارەدارکردنی ئەو گرووپانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، لاواز بووە.
سزاکان لە چوارچێوەی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ژمارە ١٣٩٠٢ جێبەجێ کران کە کەرتی نەوت و کەرتە سەرەکییەکانی دیکەی ئابووری ئێرانی کردووەتە ئامانج و ڕاگەیەندرا کە هەر هەوڵێکی نوێی قاچاخ بە خێرایی چاودێری و ڕێگری لێ دەکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw