
ئەمریکا باجی بەسەر هاوردەی درۆندا سەپاند
ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی، باجی گومرگی بەسەر هاوردەی درۆندا سەپاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەو بڕیارەی واژۆ کرد کە بەپێیەوە باجی گومرگ دەخرێتە سەر هاوردەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و هەندێک لە پێکهاتەکانیان. بەم بڕیارە، ئامانج ئەوەیە ڕێوشوێن دژی ئەو هەڕەشانەی سەر ئاسایشی نیشتمانی بگیرێتەبەر کە لە هاوردەی درۆن و پێکهاتەکانیانەوە سەرچاوە دەگرن، و کەرتی درۆن و زنجیرەی دابینکردنی ئەمریکا بەهێز بکرێت.
باجی گومرگ بە ڕێژەی 100 لە سەد و بەپێی بەها (ad valorem) دەخرێتە سەر ئەو درۆنانەی زۆرترین کێشی هەڵفڕینیان لە 25 کیلۆگرام زیاترە یان توانای وێنەگرتنی گەرمییان هەیە، هەروەها دەخرێتە سەر وێستگەکانی نیشتنەوە و بارگاویکردنی تایبەت بەم درۆنانە و هەندێک لە پێکهاتە گرنگەکانیان. ئەو درۆنە دیاریکراوانەی قەبارەیان بچووکترە و هەندێک لەو تایبەتمەندییانەیان نییە کە لە ڕووی ئاسایشی نیشتمانییەوە بە تایبەتی بە هەستیار دادەنرێن، هەروەها پێکهاتەکانی تری درۆن، دەکەونە بەر باجی گومرگ بە ڕێژەی 25 لە سەد (ad valorem).
باجی گومرگ بە ڕێژەی 15 لە سەد دەخرێتە سەر ئەو درۆن و پێکهاتانەی لە یەکێتی ئەوروپا، ژاپۆن، لیختنشتاین، کۆریای باشوور، سویسرا و تایوانەوە دێن، و بە ڕێژەی 10 لە سەد دەخرێتە سەر ئەو درۆنانەی لە شانشینی یەکگرتووەوە دێن. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێژانە، پێویستە ڕەقەکاڵا، نەرمەکاڵا و تەکنەلۆژیاکە بە زۆری لەو وڵاتانە و ئەمریکاوە سەرچاوەیان گرتبێت.
ئەم باجانە 21 ڕۆژ دوای واژۆکردنی ڕاگەیاندنەکە، لە 3ی ئەیلوولدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. باجەکانی سەر ئەو پێکهاتانەی درۆن کە بە تایبەتی بە هەستیار دانانرێن، 180 ڕۆژ دواتر دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24