
ترامپ ڕایگەیاند کە زۆر نزیکن لە ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ کەنەدا
سەرۆکی ئەمریکا ترامپ لە لێدوانێکدا لە ئایۆوا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی بازرگانی لەگەڵ کەنەدا.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە فڕۆکەخانەی ئایۆوا ڕایگەیاند کە "زۆر نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی بازرگانی" لەگەڵ کەنەدا. ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانێکی زۆرە بەرامبەر کەنەدا زیانی داراییان بەرکەوتووە و ئێستا بیرۆکەیەکی باشیان بۆ ڕێککەوتن هەیە.
ترامپ دیاری کرد کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەگەرییەکەدا جووتیارانی ئەمریکی باجیان لەسەر دانانرێت، ئیدارەی ئۆتاوا هێڵی بۆری نەوتی کیستۆن XL دروست دەکات و ڕێککەوتنەکە ئەنجامی باشی بۆ کەنەداش دەبێت.
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا مارک کارنی، دوێنێ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە گفتوگۆیەکی "باش"یان دەربارەی داهاتووی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجام داوە.
ترامپ وەبیری هێنایەوە کە خوازیاری دروستکردنی هێڵی بۆری کیستۆن XLە، کە پێشتر لەلایەن سەرۆکەکانی پێشوو باڕاک ئۆباما و جۆ بایدنەوە بەهۆی هۆکاری ژینگەییەوە هەڵوەشێنرابووەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ١ی ئایاردا ڕێگەی بە پڕۆژەیەکی هێڵی بۆری داوە کە ڕێگە بە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی سنووری نێوان ئەمریکا و کەنەدا دەدات.
سەرچاوە: Kurdistan24