
ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە
شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی ستیڤن فەیگین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە و پشتگیری بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دووپاتکردەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێک کرد بە سەرۆکایەتی ستیڤن فەیگین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق. لە کۆبوونەوەکەدا، کە گوێندۆلین گرین، قونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، جەخت لە بەردەوامی پشتگیری ستراتیژی واشنتن بۆ هەرێم کرایەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. جگە لەوەش، پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مافە دەستوورییەکان تاوتوێ کران.
سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی جارێکی تر جەختی کردەوە کە پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بە دادپەروەری و لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە٪١٤.١٤یە تەرخان بکرێت. ستیڤن فەیگین، کاربەڕێکەری ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی بە بەردەوامی پشتگیری ستراتیژی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
سەرچاوە: کوردستان٢٤