
ئەمریکا هۆشدارییەکی لەبارەی مەترسییە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە
نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان لە ناوچەکەدا، هۆشدارییان بە هاووڵاتییانیان دا سەبارەت بە گەشتکردن و دۆخی ئەمنی.
نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دژی مەترسییە ئەمنییەکان کە بە خێرایی لە پەرەسەندندان، ڕاگەیەندراوێکی ئەمنییان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەتایبەتی ئاماژە بە هێرشەکانی هێزەکانی حوسی بۆ سەر سعودیە کراوە.
نوێنەرایەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە فراوانبوونی خێرای پێکدادانەکان و تێپەڕینیان لە سنووری ناوچە شەڕلێکراوەکانی ئێستا، لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمانی ناوچەکە و تێکچوونی هاتووچۆی گەشتیاری.
ئەم هۆشدارییە سعودیە، ئیمارات، کوەیت، ئوردن، بەحرەین، عومان، قەتەر، عێراق، لوبنان، یەمەن، ئێران، ئیسرائیل و قودس دەگرێتەوە. داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە کە بە وردی چاودێری کارەکانی فڕۆکەخانە و هێڵە ئاسمانییەکان بکەن و بۆ حاڵەتی لەناکاو پلانی جێگرەوە ئامادە بکەن.
هەروەها هۆشداری دراوە لەبارەی ئەگەری ئەوەی ئێران و هاوپەیمانەکانی، بەرژەوەندییەکان، شوێنەکان یان هاووڵاتییانی ئەمریکی بکەنە ئامانج؛ کۆمپانیا و دامەزراوەکانی ئەمریکاش وەک ئامانجی ئەگەری دیاریکراون.
سەرچاوە: Kurdistan24