PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی جیهان
جیهان

سوپای ئەمریکا ستراتیژی جەنگی سنووربەزێنی خۆی هەڵدەسەنگێنێتەوە
سوپای وشکانیی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشی سایبەری و چەکی مەودا دوور، ستراتیژییەکی نوێی جەنگی داڕشتووە.

سوپای ئەمریکا ستراتیژی جەنگی سنووربەزێنی خۆی هەڵدەسەنگێنێتەوە

سوپای وشکانیی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشی سایبەری و چەکی مەودا دوور، ستراتیژییەکی نوێی جەنگی داڕشتووە.

کریستۆفەر لانێڤ، جێگری فەرماندەی سوپای وشکانیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سوپا ئەو پێشبینییانەی پێشووی خۆی کە لە ساڵانی جەنگی دژی تیرۆر لە عێراق و ئەفغانستان پشتی پێ دەبەست، دووبارە تاوتوێ دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئیتر ناتوانرێت متمانە بە هێڵەکانی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا بکرێت. لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕکابەرێکی بەهێزدا، جووڵەی هێزەکان ڕەنگە تووشی ئاستەنگی گەورە ببێت.

ڕاپۆرتێکی پێنتاگۆن سەبارەت بە توانای سەربازیی چین هۆشداری دەدات کە پەکین توانای ئەنجامدانی هێرشی سایبەری بۆ سەر تۆڕە ژێرخانییە هەستیارەکانی ئەمریکای هەیە و ئەمەش دەکرێت لە کاتی هەر ململانێیەکدا، توانای جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا پەک بخات. لانێڤ ئاماژەی بەوە کرد کە فڕینی گوماناوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکە سەربازییەکانی وەک لانگلی-یوستیس لە ڤێرجینیا و پیکاتینی لە نیوجێرسی تۆمار کراوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی ئاسایشی ناوخۆی زیاتر کردووە.

ستراتیژی نوێی سوپا بە ناوی "سوپا چۆن دەجەنگێت" (How the Army Fights)، پێشبینی ئەوە دەکات کە یەکەکان بە جۆرێک ڕابهێنرێن کە تەنانەت لەژێر هێرش یان لە کاتی پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی و دابینکردندا، بتوانن ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن. ئادەم تیل، وەزیری کاربەڕێکەری سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە سنووری باشوور وەک مەیدانێک بۆ تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردێت و مەشقەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بایۆلۆژییەکانیش خراونەتە ناو بەرنامەکەوە.

ترۆی مینک، بەرپرسێکی هێزی ئاسمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتن لە تەکنەلۆژیای چاودێریدا، مانەوەی یەکەکان بە نهێنی لە مەیدانی جەنگدا قورس دەکات و توانای چاودێریکردنی چین و ڕکابەرەکانی دیکەش زیادی کردووە. ئەم پێشهاتانە پنتاگۆن ناچار دەکەن کە لە ژینگەی مەترسیداردا سیستەمی زیاتری خۆکار و سەربەخۆ بەکاربهێنێت. لە ١٣ی تشرینی دووەمدا، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ڕایگەیاند کە سیستەمی چەکی نوێ وەک مووشەکی هایپەرسۆنیکیش خراونەتە ناو پلاندانانی ستراتیژییەوە.

سەرچاوە: ڕووداو

هەواڵی پەیوەندیدار