
ئەمەریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS Theodore Roosevelt و فەوجێکی نوێی هێزی دەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە بە ناردنی ٩ بۆ ١٠ هەزار سەربازی دیکە و کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر، هێزەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی i24 TVی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا بڕیاری داوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS Theodore Roosevelt و فەوجێکی دیکەی هێزی دەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. ئەمەش دەبێتە سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و دووەم فەوجی هێزی دەریایی کە ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێت.
بەرپرسانی پێنتاگۆن بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە کە ٩ هەزار بۆ ١٠ هەزار سەربازی دیکە دەنێردرێن. کەشتیی USS Theodore Roosevelt لە ٢٧ی سێپتەمبەر لە سان دیێگۆوە بەڕێکەوت؛ لە هەمان کاتدا گرووپی ئامادەباشیی ئامفیبیی USS Makin Island کە لە سێ کەشتیی ئامفیبی پێکهاتووە لە ٢٨ی سێپتەمبەر بەڕێکەوت و بڕیارە تا کۆتایی مانگی نۆڤەمبەر بگاتە ناوچەکە.
ڕۆژنامەی زی هیل بڵاوی کردەوە کە کەشتیی USS Theodore Roosevelt بە مەبەستی جێگرتنەوەی کەشتییەکی دیکە لە ناوچەکە دەستی بە جووڵە کردووە. ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ئیدیعای کردووە کە ئەم بڕیارە دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هێرشی ئەگەری بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەر دراوە.
لە ئێستادا ئەمەریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بە ناوەکانی USS George H.W. Bush و USS George Washington و نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
سەرچاوە: Rûdaw