
ئەمەریکا و ئیسرائیل پلانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشیان دژی ئێران پەسەند کرد
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا و سوپای ئیسرائیل پلانی هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەریی لەگەڵ ئێران پەسەند کرد.
سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، پلانی ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان بۆ ئامادەکاری لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ئەگەری لەگەڵ ئێران پەسەند کرد. ئیدارەی تل ئەڤیڤ ڕایگەیاند کە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکان.
کەناڵی ١٣ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل لە سەرچاوەیەکی پلەبەرزی سەربازییەوە بڵاوی کردەوە کە پرۆسەی هەماهەنگی تەواو بووە، هەروەها ماڵپەڕی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر وردەکاریی ئەو پلانەی بڵاو کردەوە کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشکەشی کۆشکی سپی کردووە. پلانەکە بژارەی بۆردومانێکی چڕ لە بۆشایی ٤ تا ٧ ڕۆژدا دەگرێتە خۆ، بە ئامانجی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و لێدانی بنکە ستراتیژییەکانی، بەبێ ئەوەی بکەونە ناو جەنگێکی تەواوەوە.
دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە تەممووزی ڕابردوودا، گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران چووە ١٣٠ەمین ڕۆژییەوە. لە وەڵامی ئەم گەمارۆیەدا، تاران کردەوە تۆڵەسێنەرەوەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتییەکان زیاد کردووە و گرژییەکانی ناوچەکە بە خێرایی ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.
ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان داوای کرد بە خێرایی ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا بێتە ئاراوە و هۆشداریی دا کە هاوسەنگییە جیهانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن بەرگەی جەنگێکی نوێ و درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرن.
سەرچاوە: Kurdistan24