
ئەمریکا سبەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری نەختینە ڕەوانەی عێراق دەکات
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد تەمیم، بڕیاری ئەمریکای بۆ ناردنی ٣ ملیار دۆلاری نەختینە لە ماوەی دوو مانگدا و گەیشتنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە سبەینێدا ڕاگەیاند.
محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە ئەمریکا سبەی دووشەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری نەختینە ڕەوانەی عێراق دەکات.
تەمیم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاتنی نەختینەیە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و نزیکبوونەوەی نرخی بازاڕ لە نرخی فەرمی و وتی: "بە دڵنیاییەوە دەڵێم نرخی دۆلار لە بازاڕدا دادەبەزێت و زۆر لە نرخی فەرمی نزیک دەبێتەوە، منیش بە تەواوی لەسەر قسەی خۆم دەمێنمەوە."
بەپێی زانیارییەکان، پێشتر بڕی دابینکردنی دۆلاری نەختینە بۆ عێراق لە ساڵێکدا لە ٣ ملیار دۆلار کەمتر بووە، یەکەم کاروانیش پێنجشەممەی ڕابردوو گەیشتە بەغدا و کاروانەکەی سبەینێش لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیاتر دەبێت. حکومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە لە ماوەی دوو مانگدا کۆی گشتی ٣ ملیار دۆلاری نەختینە ڕەوانە بکات.
تەمیم جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوانە سەقامگیرییەکی تەواو لە نرخی دراودا دروست دەکات، جیاوازی نێوان نرخی بازاڕی ئازاد و نرخی فەرمی لەناو دەبات و عێراقیش وەک وڵاتانی دراوسێ دەبێتە خاوەن نرخی دراوی سەقامگیر.
سەرچاوە: Kurdistan24