
چایخانەیەک لە بناری چیای ئاگری بە "ستاربەکسی کوردان" ناسراوە
ئەم چایخانە بچووکەی سەر ڕێگای بازید-ئیدر، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "ستاربەکسی کوردان" ناوبانگی دەرکردووە و بووەتە وێستگەیەک بۆ گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.
ئەم چایخانە بچووکەی کە لەسەر ڕێگای بازید-ئیدر و لە سێبەری چیای ئاگردا هەڵکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی لقێکی فەرمی ستاربەکس نییە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی "ستاربەکسی کوردان" سەرنجێکی زۆری ڕاکێشاوە. شوێنەکە بەهۆی قاوە خۆشەکەی و میوانداریی کوردییەوە بووەتە خاڵێکی سەرەکی بۆ پشوودانی گەشتیاران.
مەحەمەد ئاکوش، خاوەنی چایخانەکە دەڵێت: "لێرە ستاربەکسی کوردانە. خەڵک لە هەموو شوێنێکەوە دێن و سەردانمان دەکەن." ئاکوش ئاماژەی بەوەشکرد کە لە لیستەکەیاندا چا و قاوەی کوردی و تورکی پێشکەش دەکەن.
سەردانیکەرانیش خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی. ئومگەلسوم یارەن کە خەڵکی بازیدە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شوێنە خزمەت بە ناساندنی شارەکە دەکات. دەنیز ئیستی و یوسف ئیستی کە لە ئەستەنبوڵەوە هاتوون، بە ستایشەوە باسی کوالێتی چا و قاوەکەیان کرد و وتیان: "لێرە لە لقەکانی ستاربەکسی ئەستەنبوڵ خۆشترە."
شوێنەکە بەبێ ئەوەی ناوی براندێکی گەورە، تابلۆی ڕیکلامی مۆدێرن یان پۆستەری ڕەنگاوڕەنگی هەبێت، تەنها بەهۆی ناوە سەرنجڕاکێشەکەی، خزمەتگوزارییە دڵسۆزانەکەی و دیمەنی ناوازەی چیای ئاگری، بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوبانگی دەرکردووە.
سەرچاوە: Rûdaw