
شامیل تایار داوای دەستلەکارکێشانەوە لە پارێزگاری موغلا ئیدریس ئاکبییک دەکات
تایار ڕەخنەی لە لێدوانەکەی ئاکبییک گرت سەبارەت بە وەبەرهێنانەکەی لە سندوقی تێرا و داوای کرد لە پۆستەکەی بکشێتەوە.
پەرلەمانتاری پێشووی ئاک پارتی شامیل تایار، ڕەخنەی لە وەبەرهێنانی ئیدریس ئاکبییک پارێزگاری موغلا لە سندوقی تێرا و لێدوانەکانی لەو باریەوە گرت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێکرد. تایار ئاماژەی بە وەڵامەکەی ئاکبییک کرد کە گوتبووی "ئایا من مەجبوورم وەڵام بدمەوە براکەم؟ ئەمە ژیانی تایبەتی منە" و گوتی "خشتەبڕی و فێڵکردن لە سندوقدا ناچێتە خانەی 'ژیانی تایبەت'ەوە".
پارێزگار ئاکبییک لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە وەبەرهێنانی سندوقەکە گوتی "ئەمە ژیانی تایبەتی منە، من داوای مافە یاساییەکانی خۆشم دەکەم" و جەختی لەوە کردەوە کە بابەتەکە مەسەلەیەکی تایبەت بە خۆیەتی.
تایار ئاماژەی بەو ئیدیعایانە کرد کە ئاکبییک بە ٢٠ ملیۆن لیرە چووەتە ناو سندوقەکەوە و سەرمایەکەی گەیاندووەتە ٥٠ ملیۆن لیرە، هەروەها باسی لە پەیوەندییە نزیکەکانی ئاکبییک کرد لەگەڵ جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی فاتمە بتول سایان کایا و بەڕێوەبەری تێرا ئومرە تەزمەن.
ئیدریس ئاکبییک لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨ وەک قائیمقامی شیشلی لە ئیستەنبوڵ کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی هەکاری وەک قەییوم بۆ شارەوانییەکە دەستنیشان کرا، و لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٣دا بە بڕیاری سەرۆک کۆمار وەک پارێزگاری موغلا دیاری کرا.
سەرچاوە: Rûdaw