
وەزیری داد گورلەک: سەرمایەی ٤٦ کەسی یاسایی، ١٨ سندوق و ٤٢ کەس سڕکرا
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە سندوقەکان لە تورکیا، سەرمایەی ٤٦ کەسی یاسایی، ١٨ سندوق و ٤٢ کەسی ڕاستەقینە سڕکرا، هەروەها گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات لە ٣٧ گومانلێکراو قەدەغە کرا.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، ڕێکارە نوێیەکانی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە سندوقەکان ڕاگەیاند. بە پشکنینی جووڵەی سندوقەکان لە نێوان ١ی تەمووز تا ١٦ی ئاب، سەرمایەی ٤٦ کەسی یاسایی، ١٨ سندوق و ٤٢ کەسی ڕاستەقینە سڕکرا.
ڕێکاری کۆنترۆڵی دادوەری بە شێوەی قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بەسەر ٣٧ گومانلێکراودا سەپێنرا کە پێشتر هیچ ڕێکارێکیان لەدژ نەگیرابووە بەر. هەروەها نوسراو بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان نێردرا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گواستنەوە، فرۆشتن، بەخشین، ڕەهنکردن، داخستنی هەژمار، ڕاکێشانی پارەی زۆر، حەواڵەکردن و هەر کارێکی تر کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی سەرمایە.
وەزیر گورلەک ئاماژەی بەوە دا کە لێکۆڵینەوەکە لە چوارچێوەی تاوانەکانی "دامەزراندن و بوونە ئەندام لە ڕێکخراو بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان"، "فێڵکاریی بەڕێکخراو"، "سپی کردنەوەی سەرمایەی دەستکەوتوو لە تاوان" و "پێشێلکردنی یاسای بازاڕی سەرمایە" بەڕێوەدەچێت. ئامانجی سەرەکی لێکۆڵینەوەکە ڕێگریکردنە لە قۆستنەوەی پاشەکەوتی هاووڵاتیان، دابینکردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا و پاراستنی ئەو سەرمایەیەی لە تاوانەوە دەستکەوتووە.
سەرچاوە: Rûdaw