
لەکۆکردنەوەی بەروبوومی برنج لە ئاکرێ ١٣ هەزار تۆنی تێپەڕاند و ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، ئەمساڵ لە زیاتر لە ١٢ هەزار دۆنم زەویدا چاندنی برنج ئەنجامدراوە و بەروبوومەکەی ١٣ هەزار تۆنی تێپەڕاندووە و ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.
ئەمساڵ لە ئاکرێ لە زیاتر لە ١٢ هەزار دۆنم زەویدا دروێنەی برنج تەواو بوو. بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، بەرهەمهێنانی جۆرەکانی برنج لە قەزاکەدا ١٣ هەزار تۆنی تێپەڕاندووە و بەرهەمە بەدەستهاتووەکەش ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت. بەروبوومەکە لەگەڵ هاتنی پاییزدا پێگەیشتووە و لە کێڵگەکانەوە دروێنە کراوە و گوازراوەتەوە بۆ سەر جەنجەرەکان، وەرزێرانیش ئامادەکاری دەکەن بۆ خستنەڕووی ئەو برنجەی لەبەر خۆر وشکیان کردووەتەوە و سپییان کردووەتەوە بۆ بازار.
لە ناوچەکەدا زیاتر جۆرەکانی شەشمەهی، بەندار، کەسنەدیتی، مصری و تەحالوف دەچێندرێن. لە بازاڕدا نرخى کیلۆیەک برنج لە نێوان ٢,٥٠٠ بۆ ٤,٠٠٠ دیناردایە؛ بەرزترین نرخ بۆ کیلۆیەک برنجی شەشمەهی ٤,٠٠٠ دینار تۆمارکراوە و نزمترین نرخیش بۆ برنجی تەحالوف ٢,٥٠٠ دینار بووە.
خاک، ئاو و کەشوهەوای ئاکرێ مەرجی گونجاو بۆ کشتوکاڵی برنج دابین دەکەن. باشیی بەفر و بارانبارینی ساڵی ڕابردوو، وایکرد وەرزێران ئەمساڵ ڕووبەرێکی زیاتر بچێنن. داواکاریی زۆر لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی ناوچەکەش لەگەڵ ناردنی بەردەوام، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت لە داهاتوودا بەرهەمهێنان زیاتریش بێت.
سەرچاوە: Kurdistan24