
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا سیبەل تونچ لە سلیڤریی ئەستەنبوڵ بە مردنێکی گوماناوی گیانی لەدەست دا
سیبەل تونچی تەمەن ٤٢ ساڵ کە داواکاری گشتی بوو لە ئەڵمانیا، لە کاتی پشوودا لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیی سلیڤری بە شێوەیەکی گوماناوی کۆچی دوایی کرد.
سیبەل تونچی تەمەن ٤٢ ساڵ کە وەک داواکاری گشتی لە ئەڵمانیا کاری دەکرد، لەگەڵ هاوسەرەکەی ئایکوت ت. بە مەبەستی پشوودان هاتنە تورکیا و لە خانوویەک لە قەزای سلیڤری ئەستەنبوڵ مانەوە.
تونچ کە نزیکەی چوار ڕۆژ بوو تووشی ڕشانەوە ببوو و باس لەوە دەکرێت نەخۆشیی بەرزیی پەستانی خوێنی درێژخایەنی هەبووە، لە ١٣ی ئەیلول کاتژمێر ٠٢:٤٢ سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی دەوڵەتیی سلیڤری کرد. ناوبراو دوای تۆمارکردنی ناوی و لە کاتی چاوەڕوانکردنی چارەسەردا باری تەندروستی تێکچوو، بەهۆی سەختی دۆخەکەیەوە ڕەوانەی بەشی چاودێریی چڕ کرا و لە کاتژمێر ٠٤:٥٠ گیانی لەدەست دا.
مردنی تونچ بە گوماناوی هەژمار کرا و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کرد. هێشتا هیچ ئەنجامێکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو نەکراوەتەوە؛ هەروەها هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر پەیوەندی نێوان نەخۆشیی بەرزیی پەستانی خوێن و مردنەکەی نەدراوە. دوای ئەنجامدانی توێکاری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی، تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی کرا و لە سلیڤری بە خاک سپێردرا.
دوای مردنی سیبەل تونچ، پرسی مردنی خێزانی بۆجەک کە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە کاتی پشوودان لە ئەستەنبوڵ گیانیان لەدەست دابوو، جارێکی دیکە هاتەوە بەر باس. بەڵام ڕاگەیەندرا کە لەم قۆناغەدا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان هەردوو ڕووداوەکەدا نەدۆزراوەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw