
یەکەم کۆنسێرتی کوردی بە بەکارهێنانی هۆلۆگرام و زیرەکی دەستکرد لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا
لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا، یەکەم کۆنسێرتی کوردی بە تەکنەلۆژیای هۆلۆگرام و زیرەکی دەستکرد ئەنجامدرا و هونەرمەندانی ئەفسانەیی وەک ئەردەوان زاخۆیی و محەمەد شێخۆ لە ڕێگەی ژینگەی دیجیتاڵەوە هێنرانەوە سەر تەختەی شانۆ.
لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا، یەکەم کۆنسێرتی کوردی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هۆلۆگرام و زیرەکی دەستکرد سازکرا. کۆنسێرتەکە بووە هۆی ئەوەی هونەرمەندانی نەمر و لەبیرنەکراوی مۆسیقای کوردی، ئەردەوان زاخۆیی و محەمەد شێخۆ، جارێکی دیکە لە ڕێگەی ژینگەی دیجیتاڵەوە بگەڕێنەوە سەر تەختەی شانۆ.
نزیکەی ٢٠٠ کەس بەشدارییان لەم چالاکییەدا کرد. جگە لە ناوی ئەفسانەیی مۆسیقای کوردی، هەریەک لە جەنگیز یازگی، کەریم شێخۆ و هونەرمەندی زیرەکی دەستکرد زۆزان سی.ش بەشدارییان کرد. یەکێک لە بەشداربووان بە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کۆنسێرتە یەکەم ئەزموونە لە جۆرەکەی خۆی لە نێو کورداندا.
کۆنسێرتەکە لەلایەن کۆمپانیای فۆر یونێتی (Four Unity) ڕێکخرابوو و نرخی بلیتەکانیش لە نێوان ٤٥ بۆ ٦٥ یۆرۆدا بوو. مژگین یاڵچین، مامۆستای زمانی کوردی، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کورد لە پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیا دوا نەکەون.
سەرچاوە: Rûdaw