
پسپۆڕێکی کورد لە ئەڵمانیا دوای ١٢ ساڵ مافی پەنابەرێتییەکەی لێ دەسەندرێتەوە
ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتیی محەمەد ئەحمەد، پسپۆڕی بواری تەکنەلۆژیای زانیاری کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و ١٢ ساڵە لەو وڵاتە دەژی، بەو بیانووەی کە چیتر مەترسی لە سووریا نەماوە، هەڵوەشاندەوە.
ئەڵمانیا دەستی کردووە بە گرتنەبەری بڕیاری جێگەی مشتومڕ سەبارەت بە پێگەی یاسایی پەنابەرانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان. محەمەد ئەحمەدی تەمەن ٣٢ ساڵ کە پسپۆڕی بواری تەکنەلۆژیای زانیارییە و خەڵکی قامیشلۆیە، نامەیەکی پێ گەیشتووە کە تێیدا هاتووە مافی پەنابەرێتییەکەی کە ١٢ ساڵە هەیەتی، بە بیانووی ئەوەی "چیتر مەترسی لە سووریا نەماوە" کۆتایی پێ هاتووە. تەنها ١٥ ڕۆژی بۆ دراوە تا تانە لە بڕیارەکە بدات.
ئەحمەد ١٢ ساڵ لەمەوبەر کۆچی بۆ ئەڵمانیا کردووە و خوێندنی باڵای تەواو کردووە، لە بوارەکانی زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای پزیشکی بڕوانامەی بەدەستهێناوە و ئێستا ڕاستەوخۆ بەشداری لە بازاڕی کار و کەرتی تەکنەلۆژیای ئەو وڵاتەدا دەکات. وەک کەسێکی خاوەن پیشە و باجدەر، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە فێربوونی زمان، خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا گونجاندووە.
ئەحمەد کە تانەی لە بڕیارەکە داوە، ڕایگەیاندووە کە متمانەی بە دادگای ئەڵمانیا هەیە و دەیەوێت مافەکەی وەربگرێتەوە. بەڵام ئەگەر تانەکەی ڕەت بکرێتەوە و بڕیاری دەرکردنی بۆ دەربچێت، پلانی خۆی بۆ گواستنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری هەولێر ئاشکرا کردووە و وتوویەتی: "ئەگەر پێویست بکات، لە هەولێر نیشتەجێ دەبم".
سەرچاوە: Rûdaw