
چوار کوردی ئێزدی لە ئۆڵدنبۆرگ بۆ ئەنجومەنی شارەوانی هەڵبژێردران: یەکەمین ڕووداوی مێژوویی
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئۆڵدنبۆرگ لە ویلایەتی ساکسۆنیای خوارووی ئەڵمانیا، چوار کاندیدی کوردی ئێزدی چوونە ناو ئەنجومەنی شارەوانی و کەوتنە ناو مێژووی شارەکەوە.
هەڵبژاردنی چوار کاندیدی کوردی ئێزدی بۆ ئەنجومەنی شارەوانیی ئۆڵدنبۆرگ، یەکەمین ڕووداوی مێژووییە لە شارەکەدا. لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم شارەی ویلایەتی ساکسۆنیای خواروو، کاندیدەکان کورسیی ئەنجومەنیان بەدەستهێنا و مافی نوێنەرایەتیکردنیان وەرگرت.
دارا باکۆ، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە دا کە کارە لەپێشینەکانیان ڕێگریکردنە لە دیپۆرتکردنەوەی گەنجانی ئێزدی و کارکردنە لەسەر سیاسەتەکانی ڕااهاتن و ژینگە. هەروەها ڕایگەیاند کە سەرنج دەخەنە سەر کێشە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی پەنابەران و پڕۆژە بۆ خێراکردنی فێربوونی زمان، ئاسانکاری بۆ دۆزینەوەی کار و زیادکردنی دەرفەتی خانوبەرەی کۆمەڵایەتی گەشە پێدەدەن.
لە کۆی نزیکەی ١٧٠ هەزار دانیشتووی ئۆڵدنبۆرگ، سەدا ٢٨یان کۆچبەرن و کوردانی ئێزدی کە لە ناوچەی شەنگالەوە هاتوون، کۆمەڵگەیەکی دیار پێکدەهێنن. باکۆ جەختی لەوە کردەوە کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا هیچ نوێنەرێکیان لە ئەنجومەنەکەدا نەبووە، بەڵام بە پشتیوانیی بەهێزی خەڵکی ناوچەکە و کوردانی دیاسپۆرا ئەم سەرکەوتنەیان بەدەستهێناوە. لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، مالا ئێزدیان لە ئۆڵدنبۆرگ بووە پردی هاوکاری لە نێوان کاندیدەکان و خەڵکدا.
لە خولی نوێدا، ئەنجومەنەکە ئامانجییەتی لە سەر ئاستی ناوخۆییدا پاراستنی سیاسی و یاسایی بۆ ئەو گەنجە ئێزدییانە دابین بکات کە لە کۆمەڵکوژیی ٢٠١٤ی شەنگال هەڵاتوون و ئێستا لەژێر مەترسیی دیپۆرتکردنەوەدان. هەروەها پلانیان هەیە بۆ سەوزکردنی ناوەندی شارەکە و زیادکردنی وەبەرهێنان لە دەستکەوتنی ئێنەرجیی پاکی وەک خۆر و با لە شوێنی سووتەمەنییە بەردینییەکان.
سەرچاوە: Rûdaw