
ئەڵمانیا سەرباری پاشەکشێکردنەکان بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، سەرباری پاشەکشێکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پلانی هەیە لە بواری ئاسایش، سەقامگیری و گەشەپێداندا لە هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، سەرباری بڕیاری پاشەکشێکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە، هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا بەردەوام دەبێت. وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵوێستە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا دەکات.
وەزارەتەکە سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش هەڵسەنگاندنی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هاوبەشە کوردەکان و حکومەتی ناوەندیی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ توانای سەربازییان زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی بە تەنیا ڕووبەڕووی شانە نادیارەکانی داعش ببەنەوە. لە هەمان کاتدا ئەوەشی بیرهێنایەوە کە دەبێت دەستکەوتە ئاسایشییەکان بە ووردیی بپارێزرێن.
ڕاگەیەندرا کە ئامادەیی و پشتیوانیی ئەڵمانیا لە ناوچەکەدا بە شێوازێکی نوێ بەردەوام دەبێت، و لە بوارەکانی پشتیوانیی کەرتی ئاسایش، بونیادنانی سەقامگیری و پروژەکانی گەشەپێداندا بە شێوازێکی ڕێکخراو و هەماهەنگ درێژەی دەبێت. هەروەها ئاماژە بەوەش کرا کە بۆ دیاریکردنی وردەکارییەکانی ئەم چوارچێوەیە، گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بەردەوامن.
سەرچاوە: Rûdaw