
ژمارەی دەرچووانی بێکاری زانکۆ لە ئەڵمانیا گەیشتە ریکۆردی ٣٧٢ هەزار کەس
ژمارەی دەرچووانی بێکاری زانکۆ لە ئەڵمانیا لە مانگی ئابدا بۆ ٣٧٢ هەزار کەس بەرز بووەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی کاری فیدراڵی، ژمارەی دەرچووانی بێکاری زانکۆ لە ئەڵمانیا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەردەوام زیادی کردووە و لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە ٣٧٢ هەزار کەس. ئەو گرووپەی زۆرترین کاریگەریی لێکراوە، گەنجانی دەرچووی تەمەن ژێر ٣٠ ساڵن.
تا ساڵی ٢٠٢٥، ڕێژەی بێکاری لە نێوان دەرچووانی زانکۆدا بە ٣.٣٪ تۆمار کراوە، کە ئەم ڕێژەیە نزیکەی نیوەی ڕێژەی بێکاریی گشتییە لە وڵاتدا. ئەم ڕێژەیە بۆ ئەو کەسانەی بڕوانامەی پیشەییان هەیە ٣.٦٪ە، لەکاتێکدا بۆ ئەو کەسانەی هیچ لێهاتووییەکی پیشەییان نییە ٪٢١ە. لە نێوان بەشە ئەکادیمییەکاندا، ڕێژەی بێکاریی دەرچووانی بەشی مامۆستایەتی لە خوار ٪٢ەوەیە، زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان ٪٤.٦ و ئەندازیاری ٪٣.٨ە.
ئاژانسی کاری فیدراڵی ئاماژەی بەوە داوە کە سستبوونی ئابووری و بڵاوبوونەوەی ژیریی دەستکرد لە بازاڕی کاردا کاریگەرییان لەسەر زیادهاتنی بێکاری هەبووە. ئەندریا ناڵس، سەرۆکی ئاژانسەکە ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات ژیریی دەستکرد لە ١٥ ساڵی داهاتوودا نزیکەی ٨٠٠ هەزار دەرفەتی کار لەناو ببات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەمان ژمارە دەرفەتی کاری نوێ دروست دەکات. ناڵس گوتیشی کە لەدەستدانی کار لە کەرتی خزمەتگوزاری و پۆستە شیکارییەکانی بانک و دڵنیاییدا ڕوونترە، و کاتی دۆزینەوەی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ درێژتر بووەتەوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ گرووپەکانی تردا هێشتا لە دۆخێکی باشتردان.
سەرچاوە: Rûdaw