
مەدرەسەی قوبەهانی ٥ سەدەیی لە ئامێدی بە پاشپشتی فەرەنسا نۆژەن دەکرێتەوە
مەدرەسەی قوبەهان لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نۆژەنکردنەوەدا بە پاڵپشتی فەرەنسا بەهێز دەکرێت و دەپارێزرێت.
مەدرەسەی قوبەهان کە دەکەوێتە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک و زیاتر لە پێنج سەدەیە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی زانست لە ناوچەکەدا، بە پاڵپشتی فەرەنسا نۆژەن دەکرێتەوە. پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە بە هاوکاریی ڕێکخراوی Expertise France و دەیزگای ALIPH و کونسوڵخانەی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە کارێکی یەک ساڵەیە و شەش شوێنی مێژوویی لە سەرانسەری ئامێدی دەگرێتەوە و بەهۆی مەرجەکانی زستانەوە بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرتبوو، هەروەها کارەکان لە مانگی ئازار یاخود نیساندا دەستپێدەکەنەوە.
لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەدا، پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی پاراستن دەکرێنە بنەما. بریفکانی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجەکە ئەوە نییە کۆمەڵگەکە بگوڕدرێت بۆ بونیادێکی نوێ لە سەرەتاوە، بەڵکو بەهێزکردنی ئەو پێکهاتە مێژووییەیە کە ماوەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخانی و پاراستنی تەلارسازییە ڕەسەنەکەی بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ داهاتوو.
بەپێی تۆمارە مێژووییەکان، مەدرەسەی قووبەهان لە سەدەی ١٦دا لە سەردەمی سوڵتان حسێن وەلی، ئەمیری بادینان (١٥٣٣‑١٥٧٣) دروست کراوە و بە ناوەکانی "الحسينية" و "السلطانية"ش ناسراوە. مەدرەسەکە لە گەلێک بواری وەک فەلسەفە، ئەستێرەناسی، زانستەکانی سروشت و زماندا وانەی تێدا گوتراوەتەوە و زانا و قوتابیانی لە تەواوی ناوچەکەوە بۆ ئامێدی ڕاکێشاوە. لە ساڵی ١٦٥٦دا، گەڕیدەی عوسمانی ئەولیای چەلەبی لە گەشتنامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەدرەسەکە ١٦ قووبە، ٦٠ ژوور و ٣٠٠ تا ٤٠٠ قوتابیی هەبووە و وەک دەزگایەکی بێوینە لە ناوچەکەدا وەسفی کردووە.
مەدرەسەکە کە گەلێک زانای وەک مەلا خەلیلی سێرتی و مەلا عەبدوڵڵا ڕێكانی موفتیی زاخۆ وانەیان تێدا گوتووەتەوە و دەستنووسیان تێدا بەرهەم هێناوە، تا ساڵی ١٩٦١ بەبێ پچڕان لە بەخشینی خوێندن بەردەوام بوو. ئەو کارە نۆژەنکردنەوەیەی ئێستا ئەنجام دەدرێت، ئامانجی ڕاگرتنی میراتی بەرجەستەی مێژووی ڕۆشنبیریی دەوڵەمەندی ئامێدییە.
سەرچاوە: Kurdistan24