
جێگری سەرۆکی ئامەدسپۆر، محەمەد ڕەشید ئەقڵ، ئەو ڤیدیۆیەی گالاتاسارای بڵاویکردووەتەوە شەرمەزار دەکات
بەرپرسێکی ئامەدسپۆر ڕایگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەی گالاتاسارای ستۆر لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی ڕەگەزپەرستانەی تێدایە و داوای سڕینەوە و داوای لێبوردنی کرد.
لە هەفتەی ١١ی خولی نایابی تورکیا، گالاتاسارای بە ئەنجامی ٤-٣ لە ئامەد سپۆرتیڤی بردەوە و پێشەنگی خولەکەی پاراست. دوای یارییەکە، ئەو ڤیدیۆیەی لە هەژماری فەرمیی گالاتاسارای ستۆر لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرایەوە و باس لەوە دەکرێت کە ئاماژە بە "کیسەی زەرد" دەکات، کاردانەوەی توندی لە ناو ڕای گشتیدا لێکەوتەوە.
جێگری سەرۆکی ئامەدسپۆر، محەمەد ڕەشید ئەقڵ، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە سۆشیاڵ میدیا ئاماژەی بەوە کرد کە ڤیدیۆکە بیرهێنەرەوەی ئەو ئازارانەیە کە برینی قووڵیان لە یادەوەری کۆمەڵایەتی گەلێکدا بەجێهێشتووە و ڕایگەیاند، قبوڵ ناکەن کێبڕکێی وەرزشی ببێتە هۆی ئاماژەی ڕەگەزپەرستانە و وتاری ڕق و کینە. ئەقڵ داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی ئەو بڵاوکراوەیە بکەن و داواشی لە یانەی گالاتاسارای کرد ڤیدیۆکە بسڕنەوە و داوای لێبوردن بکەن.
ئەقڵ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا وتی: "ئێمە بە ناسنامە، ڕەنگەکان و بەهاکانمانەوە لەم خولەدا هین و بەردەوام دەبین لە بوون. مل بۆ هیچ عەقڵییەتێکی جیاکاری کەچ ناکەین" و داوای کرد هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە دووبارە نەبێتەوە.
سەرچاوە: Urfanatik