
ئامەدسپۆر لە یاریی بەرامبەر چایکور ڕیزەسپۆر خزمەتگوزاریی بارهەڵگری فرۆشگای گەڕۆک پێشکەشی هاندەران دەکات
ئامەدسپۆر بەیانی لە یاریگای ئامەد لە یاریی بەرامبەر چایکور ڕیزەسپۆر، یەکەم بارهەڵگری گەڕۆکی ئامەد ستۆر دەخاتە خزمەتگوزارییەوە.
ئامەدسپۆر کە بە ئاستەکەی لە سوپەرلیگ سەرنجەکان بۆ خۆی ڕادەکێشێت، خزمەتگوزارییەکی نوێ پێشکەشی هاندەرانی دەکات. بەیانی بەر لە یاریی بەرامبەر چایکور ڕیزەسپۆر لە بەردەم یاریگای ئامەد، بارهەڵگرێکی گەڕۆک بە ناوی ئامەد ستۆر کاڵاکانی یانەکە نمایش دەکات.
بارهەڵگرەکە بە سیستەمی گەرمیکردن و فێنککردنەوە ئامادە کراوە و بە ڕەفی کاڵاکان و تیمی ئاسایشەوە بەردەست دەبێت. ئامەد ستۆر لە ئێستادا فرۆشگایەکی لە ئامەد و لقی لە ئەوروپا هەیە.
سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاریی ئامەدسپۆر ناسیح ئاکتەپە ڕایگەیاند کە بارهەڵگرەکە کەوتووەتە خزمەتگوزارییەوە و لە داهاتوودا بە بارهەڵگری دووەم دەگەنە شوێنە جیاوازەکانی ناوچەکە. یانەکە هەروەها پلانی هەیە دەرفەتی کڕینی ئۆنلاین لەرێگەی ئینتەرنێتەوە دابین بکات.
سەرچاوە: Amed TV