
هەڵمەتی "با هیچ منداڵێک بێ درێس نەمێنێت" لە ئامەدسپۆر دەستی پێکرد
ئامەدسپۆر بە مەبەستی دابینکردنی درێسی یانەکە بۆ منداڵان، هەڵمەتێکی بە ئۆتۆمبێلی فرۆشگای گەڕۆک دەستپێکرد.
ئامەدسپۆر بۆ ئەوەی هیچ منداڵێک بێبەش نەبێت لە درێسی یانەکە، هەڵمەتی "با هیچ منداڵێک بێ درێس نەمێنێت"ی دەستپێکرد. لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، ئۆتۆمبێلی فرۆشگای گەڕۆکی (AmedStore) پێش یارییەکەی چایکار ڕیزێسپۆر لە بەردەم یاریگای ئامەد لەگەڵ هاندەراندا کۆبووەوە.
یانەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە سۆشیاڵ میدیا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ منداڵێک بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە بێبەش بێت لە کڕینی درێس و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵمەتەکە تەنها بە دابەشکردنی درێس سنووردار نابێت. هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو کە درێسی سەوز و سوور، مێژووی میزۆپۆتامیا، ڕابردووی هاوبەش و هەستی سەر بە یەکبوون دەنوێنێت.
ئۆتۆمبێلی فرۆشگای گەڕۆک لە قۆناغی داهاتوودا لە شارە جیاوازەکان لەگەڵ هاندەراندا کۆدەبێتەوە و خۆشەویستی بۆ ئامەدسپۆر، ڕەنگەکانی یانەکە و ڕۆحی هاوکاری دەگوازێتەوە. یانەکە داوای لە هاندەران کردووە کە بە کڕینی درێس لە فرۆشگاکانی (AmedStore) پشتگیری لەم هەڵمەتە بکەن و بەشداری لە خەونی منداڵێکدا بکەن.
سەرچاوە: Rûdaw