
ساموێل بالێ، ئەستێرەی ئامەدسپۆر بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسرا بانگهێشت کرا
ساموێل بالێ دوای وەرزێکی سەرکەوتوو لەگەڵ یانەی ئامەدسپۆر، بۆ پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی سویسرا بانگهێشت کرا.
ساموێل بالێی تەمەن ٢٥ ساڵ، یاریزانی سویسری کە لەگەڵ یانەی ئامەدسپۆر لە خولی نایابی تورکیا وەرزێکی سەرکەوتووی بەڕێکرد، بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسرا بانگهێشت کرا. بالێ دوای بانگهێشتکردنی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بلیکی سویسری ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستە بەرزەکەی لە ئامەدسپۆر هۆکاری ئەم دەرفەتە بووە.
بالێ بە دەربڕینی ئەوەی کە ئەم بانگهێشتە ساتێکی لەبیرنەکراوە بۆ ئەو، وتی: "ساتێکی زۆر خۆش بوو بۆ من. سەرەتا پەیوەندیم بە دایکم و خوشکەکەمەوە کرد، دواتر هەواڵەکەم بە هەموو هاوڕێکانم دا. یەکەم ڕۆژم لەگەڵ تیپەکەشدا زۆر بە خۆشی بەڕێوەچوو."
ئەو یاریزانە جەختی لەوە کردەوە کە نزیکبوونەوەی بێسنیك هاسی ڕاهێنەر و کارە شیکارییە ڤیدیۆییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لەوەی ئامەدسپۆر لە پلەی سێیەمی خولی نایابدا بێت و وتی: "هەموو شتێک پێکەوە دەگونجێت. ئێستا خولی تورکیا زۆر باش دەناسم. ڕاهێنەرێکم هەیە کە گرنگییەکی زۆر بە شیکاری ڤیدیۆیی دەدات. ئەمەش یارمەتیم دەدات." هەروەها ئاماژەی بە هاریکاری نێوان یاریزانانی نەتەوە جیاوازەکان لە تیپەکەدا و زیادبوونی ناوبانگی خۆی لە دیاربەکر کرد.
سەرچاوە: Amida Haber